بووکی بی جانتا
جلەکانی لەبەر کردبوو و قژە شۆڕەکانی بەسەر شان و ملیدا پەرێشان کردبوو. دەستە گوڵەکەی بەدەستەوە بوو بەڵام روخساری پەشێو و دوودڵ بوو. هەموو کەسوکاری بنەماڵەی لەوێ ئامادەبوون و دایکی وەک پەپوولە بە دەوری کچەکەیدا دەسووڕایەوە. بنەماڵەی زاوا لەو لاترەوە بەدەور مێزێکی چوار گۆشدا چاوەڕوان بوون. براکانی زاوا هەمویان ریشن بوون. ئەتگوت بۆ شایی نەهاتبێتن، ئەو بە جۆرێک لە نێو چاوانیان دیار بوو. دایکی بووک، بووکە دڵتەنگەکەی برد بۆ نزیکیان، بەلام هەرکە گەشتنە لای مێَزەکە بووک هەڵهات.
خانوویەکی گەورە بوو. چاوم بڕیبووە رەنگی قژەی ژنەکان. وەک زیو دەدرەوشایەوە. بەدوای دەرفەتێکدا بووم لێیان پرسیار بکەم بزان ملە کام ئاریشگا قژیان رەنگ کردووە. حەزم دەکرد منیش بەو شێوە قژم رەنگ بکەم؛ بەڵام قژی من کورت بوو و قژی ئەوان درێژ بۆیە ئەوەندە جوان دەهاتە بەرچاو. ئەوەش خۆی بوو بە کەڵکەڵەیکیتر کە چی بکم بە زووترین کات قژم درێژ بێتەوە؟ دەبێت هەر رەوشت یان دەرمانێک بێت.
بۆ چەن ساتێک خۆمم لە نهۆمی خوارەوە بینی. لەوێدا سێ کوڕی جوان و گەنجم بینی و کتوپڕ هەستم کرد لەسەر تراسی خانووکە راوەستاوم. ئەوان بەرەوڕووم دەهاتن و دەیانویست لەگەڵیان سەما بکەم. پێشنیارێکی خۆش بوو. بە هێواشی قەبووڵم کرد، بەڵام هەر کە نزیکیان بوومەوە کەوتمە دڵەخورپە و دوودلێ و وتم نە! پێیان ناخۆش بوو و منیش هەستم کرد دەبێت هەڵبێم بۆیە بە تەواوی هێزمەوە هەڵهاتم و لەو خانووە گەورە دەرپەڕیم. خۆم فرێ دایە نێو تەکسیەکی شرۆڵە و داوام لێکرد خێراتر لێیبخوڕێت. ئەوانیش بە موونیکایەکی رەشەوە وەدووم کەوتن. نەمدەزانی ئەگەر وەدەستیان بکەوم چیم بەسەر دێت و لە راستیدا نەشمدەزانی بۆ هەڵدێم! تاکسیەکە سووڕایەوە و لە بەرەوژوورکەیک بەسەر کەوت. خۆمم لەبەردەم خانووە گەورەکەدا بینیەوە. چەند ژن وەک ئەوەی چاوەڕێ رووداوێک بن دەستیان دەکوتا بە سەر دەستدا و لە ژێر لچەوە شتێکیان دەگوت. هەستم کرد ئەیانەوێت یارمەتیم بدەن، بۆیە دابەزیم. یەکێکیان خێرا منی لە نێو چەمەدانێکی قاوەیی گەورەی کە لە پەنای ئامادەی کردبوو، شاردەوە. ئەوە جانتای نامۆیەکی کۆژەر بوو لە سەفەرێکی نادیاردا؛ جانتایەک بوو پڕ لە بۆنی ژن و سەفەر. من لە نیِو جانتای نامۆیەکدا خۆم پەنا دابوو و خە بێ ئەوەی بزانم بۆ کوێ دەڕۆم ببوم بە ناوەڕۆکی جانتای نامۆیەک لە جادەیەکی بێ کۆتایی.